مامۆستا عەبدوڕڕەحمان پیرانی ئەمینداری گشتیی جەماعەتی دەعوەت و ئیسلاح وێڕای پیرۆزبایی نزیکبوونەوەی مانگی پیرۆزی ڕەمەزان و دەسپێکی ساڵی ۱۴۰۴ی هەتاوی، ڕێزی لە هەوڵ و تێکۆشانی ئەندامانی جەماعەت لە ساڵانی ڕابردوو گرت و ئاواتی سەرکەوتنی زیاتری بۆ خواستن. ئەو بە بەڵگە لەسەر ئایەتی: «قَدْ أَفْلَحَ مَن زَكَّاهَا» جەختی کردە سەر گرینگیی باشکردنی ئاکار و ڕەوشت و چاکسازیی نەفس و وتی: ئەرکی قورسی جێنشینی خوا بە مرۆڤ سپێردراوە و دڵەڕاوکێی ئەو ئەرکە تەنانەت لەلایەن فریشتەکانیشەوە ڕاگەیەندراوه، بەڵام خوای گەورە فەرمووی: مرۆڤ دەتوانی فێر بێت. ئەندامی شوڕای ناوەندی یەکیەتی جیهانی زانایانی موسوڵمان هەروەها بە ئاماژەی بە بوونی ئایینزا  جیاوازەکانی دونیای ئیسلام، جەختی لە گرینگیی یەکیەتی و خۆپاراستن لە ناکۆکی کرد و وتی: «بەپێی دۆخی هەستیاری ناوچە و وڵات لەو قۆناغەدا، جەماعەتی دەعوەت و ئیسلاح بەهۆی بوونی ئەندامانێکی ماقوڵ و چالاکیی خۆی لە ناوچە جیاوازەکانی ئێران، وەک بەرەکەتێکە کە پێویستە لەو بەستێنە بەهادارە بە دروستی و گونجاو لەگەڵ پێداویستییەکانی کۆمەڵگا کەڵکی لێ وەرگیرێت.
دکتۆر یەعقووب خۆرسەندی بەرپرسی لێژنەی کارگێڕیی ناوەندییش له وتادەکەیدا وێڕای دەربڕینی خۆشحاڵی خۆی بۆ ئامادەبوونی لە کۆڕی ئەندامانی ئەو لقە، جەختی لەسەر بەگرینگدانانی ئەو ڕێکخراوەیە و هەوڵ و تێکۆشان بۆ ژیانێکی پاک کرد. ئەو بە ئاماژە بە ئایەتانێک لە قوڕئانی پیرۆز، چالاکی و کاری چاکەی لە مەرجەکانی سەرکەوتن هەژمار کرد و وتی: «جەماعەت دەرفەتێکی بەنرخە و دروشمی یەکپارچەیی و چالاک، دروشمێکی دروست و زۆر شیاوی دۆخی ئێستایە.» ئەو هەروەها جەختی لە پێویستیی هاوکاری و پارێز لە پڕژوبڵاوی لە ڕا و بۆچوون کرد و وتی: «ئێمە لە سەردەمێکی تایبەت داین و لەڕووی ڕامیاری، خێزانی، کۆمەڵایەتییەوە بڕوادار نابێ ڕاوەستێ و بێ‌هیوا بێت.»
حامید پەرهیزگار بەرپرسی نوێی لێژنەی کارگێڕیی پارێزگاکانی تاران و ئەلبۆرز لە وتارەکەیدا وێڕای ڕێزنان لە زەحمەتەکانی خاتوو حەمیدی و هاوکارانی، جەختی لە گرینگیدان بە مناڵان و مێرمناڵان و بنەماڵەکان لە پارێزگای تاران کرد.
ئەو دانیشتنە بە ئامادەبوونی هێندێ لە بەرپرسان و کەسایەتییەکانی ناوەندی و ئەندامانی جەماعەتی دەعوەت. و ئیسلاحی تاران و ئەلبۆرز بەڕێوە چوو و لەودا جەخت کرایە سەر هاودڵی، هاوکاری، چالاکی و تێکۆشان بە مەبەستی گەیشتن بە ئامانجەکانی جەماعەت. لەو دانیشتنەدا لەوحی ڕێزنان پێشکەشی بەرپرسانی کارگێڕیی پێشووی لق و حوکمی پێسپاردنی بەرپرسی نوێ لەلایەن ئەوینداری گشتی و بەرپرسی کارگێڕیی ناوەندی پێشکەش کرا.